بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە یادی کۆچی دوایی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی سیاسی کورد، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: "وەک هەمیشە بە وەفاداریمانەوە یادی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بەرز رادەگرین و ژیان و کۆشش و خەباتی لەبواری رووناکبیری و سیاسی، هاندەرمان دەبێت تا بەهەمان رۆحیەتی بەرزی نەتەوەیی خزمەتی گەل و وڵاتەکەمان بکەین."

سەرۆکی یەکێتی، مامۆستا ئیبراهیمی وەک "سیاسەتمەدار و رۆشنکەرەوەی رێگای راست و رەوانی خەباتی کوردایەتی" وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا کە "هەمیشە ئامۆژگاری و رێنوێنییەکانی دەبێت هاندەری هەموولایەکمان بێت بۆ یەکڕیزی و برایەتی و کارکردنی پێکەوەیی لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان و هێنانەدی ئامانجە باڵاکان و پاراستنی کوردستانەکەمان."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بافڵ تاڵەبانی جەختی کردەوە: "یاد و یادەوەری مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد هەمیشە لە دڵ و دەرونماندا زیندووە و بەنەمری دەمێنێتەوە."