یەكێتی مامۆستایان رایگەیاند، بەهۆی پێنەدانی مافەكانیان پڕۆسەی خوێندن روبەڕوی كێشە بووەتەوە و داوا لە حكومەت دەكات موچە و مافەكانیان بۆ دابین بكات.

یەكێتیی مامۆستایان كوردستان لە راگەیەنراوێكی پێنج خاڵیدا داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات هاوشێوەی مامۆستایان لە عیراق پشتیوانی لە مافە رەواكانی ئەو توێژە گرنگەی كوردستان بكات و موچە نەدراو و پاشكەوتكراوەكانیش بگەڕێتەوە.

هاوكات یەكێتییەكە داوای زیادكردنەوەی موچە و دەرماڵەی مامۆستایانی كردووە كە زیاتر نۆ ساڵە واتە لە 2016ەوە راگیراوە، هاوكات داوای كردووە بەپەلە پڕۆسەی بە هەمیشەیكردنی مامۆستایانی گرێبەست و پڕكردنەوەی شوێنی مامۆستایانی خانەنشین بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لە راگەیەنراوەكەی یەكێتی مامۆستایاندا هاتووە، سەردەمی چاونوقاندن لە ئاست داواكاریی رەوای مامۆستایان بەسەرچووە و بە پێچەوانەشەوە ژمارەیەك رێكاری یاسایی و رێگەپێدراو هەیە كە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی مامۆستایان دەگیرێتەبەر.