هەشت تۆمەتبار بەهۆی روداوی شەڕە تەقەکەی دوێنێ شەوی  ناحیەی گردەسێن  دەستگیرکراون، پۆلیسی ئاکرێش دەڵێت: لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ رایگەیاند: دوێنێ شەو دوای ئەوەی بنکەی پۆلیسی گردەسێن ئاگادارکرایەوە، لە سەنتەری ناحییەکە روداوێکی تەقەکردن هەیە، پۆلیسی گردەسێن بە هەماهەنگی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی روداوەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەشت تۆمەتبار بەهۆی روداوەکەوە دەستگیرکراون و دەست بەسەر چەکەکانیشیان گیراوە.

پۆلیسی ئاکرێ ئەوەشی خستەڕوو، بە فەرمانی دادوەر پەراوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکان کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە بەردەوامە.

جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ شەو لەنێوان دوو بنەماڵە شەرە تەقە رویدا و چەند کەسێک بەهۆی روداوەکە برینداربوون.