بەبۆنەی رۆژی جیهانی تەندروستی خانمی یەکەمی عیراق، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی کارمەندانی بواری تەندروستی دەکات و رایدەگەیەنێت؛ سەرباری جەنگ و کەمیی پێداویستی و ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان، بەردەوامن لە خزمەتکردن و پاراستنی ژیانی تاکەکان.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق رایگەیاند: لە رۆژی جیهانی تەندروستیدا رێز و پێزانین دەردەبڕین بۆ هەموو کارمەندانی بواری چاودێری تەندروستی لە عیراق کە سەرباری جەنگ و کەمیی پێداویستی و ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان، بەردەوامن لە خزمەتکردن.

وتیشی؛ سەرباری ئەو ئالەنگارییانە بینیمان کە چەندین ساڵە پڕاوپڕ بوون لە داهێنان و خۆڕاگری لەپێناو پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و پاراستنی ژیانی تاکەکان و لێهاتووییان لەمامەڵەکردن لەگەڵ دژوارترین بارودۆخەکاندا.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆش لەکاتێکدا بنیاتی ژێرخانی تەندروستی و چاککردنی هۆیەکانی چاودێری تەندروستی رێکدەخەینەوە  تا هەموو عیراقییەک بتوانێ لە نیشتمانی خۆیدا چارەسەر وەربگرێت، زۆر گەشبینم.

خانمی یەکەمی عیراق ئەوەشی خستەڕوو، پاڵپشت بەدروشمی ئەمساڵی رۆژی جیهانی تەندروستی، (سەرەتایەکی تەندروست و دوارۆژێکی پڕشنگدار) تەنیا شانازی بەو پاڵەوانانەوە ناکەین، بەڵکو بەڵێنی پابەندبونمان بە پاراستنی تەندروستی دایکان و کۆرپەلە دووپات دەکەینەوە تا ئەوە مسۆگەر بکەین کە هەر کۆرپەلەیەکی ساوا ژیانی پشتبەستوو بە هێز و چاودێریکردن دەست پێ بکات.