بەهۆی رێگری فراكسیۆنە كوردییەكان، دانیشتنی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەناچێت، چونكە پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە بەرنامەی كاردا نەبووە.

چرۆ حەمەشەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی فراكسیۆنە عیراقییەكان رەزامەندییان پیشان نەداوە بۆئەوەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بكرێت، سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكانیش بایكۆتی دانیشتنەكەی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن.

راشیگەیاند، جێگیری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كارنامەی دانیشتی سبەینێی ئەنجومەنەكەی هەڵوەشاندووەتەوە رایگەیاندووە، تا دەنگدان بەپرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نەخرێتە بەرنامەی دانیشتنەكانەوە رێگە نادەن ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوە و دانیشتنەكەی سبەینێش ناكرێت.

پێشتریش بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە میدیاكانی راگەیاندبوو، فراكسیۆنە كوردییەكان بە تەواوی بایكۆتی دانیشتەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن تائەوكاتەی رازەمەندی نیشان دەدەن بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.