کەشناسی هۆشداریی دەدات؛ ژمارەیەکی زۆر هەورەبروسکە چەند ناوچەیەکی هەرێم دەگرێتەوە
هەساو ئەمیر
٧ی نیسانی ٢٠٢٥
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و هۆشداریی دەدات لە شەپۆلێکی نوێی تاوەباران و هەورەبروسکە و دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر بروسکە چەند ناوچەیەکی هەرێم دەگرێتەوە.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان لەنێوان ساماڵ و نیمچەهەور دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، خێرایی باش مامناوەند دەبێت و هەندێکجار دەگاتە 20 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ سێشەممە، ئاسمان بە گشتی لەنێوان هەوری تەواو بۆ نیمچەهەوردا دەبێت، لە کاتەکانی بەیانیدا تاوەباران و بروسکە ناوچەکانی بادینان و سنوری قەزای ئاکرێ تا ناوچە سنورییەکانی باکور دەگرێتەوە، کە پێشبینی ژمارەیەکی زۆری هەورەبروسکە دەکرێت، هەروەها لوتکەی شاخەکان و گردۆڵکەکان و دەشتاییەکان بەهۆی هەورەبروسکەوە مەترسیدار دەبن.
دەشڵێت، بۆ کاتەکانی ئێوارە رێژەیەکی کەمی بارانبارینی پچڕپچڕ هەندێک لە ناوچەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و سلێمانی دەگرێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەینێ پلەکانی گەرما بە گشتیی وەک ئەمڕۆ دەبن، بەڵام لە ناوچە ناسەقامگیرەکان نزم دەبنەوە، خێرایی باش هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 28 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 24 پلەی سیلیزی
دهۆک: 25 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 30 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 25 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 24 پلەی سیلیزی
سۆران: 18 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 13 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 28 پلەی سیلیزی