شارەوانی سلێمانی بۆ خاوەن دوکان و تیمە رۆژنامەوانییەکان: مەچنە بازاڕی دارەسوتاوەکە
هەساو ئەمیر
٧ی نیسانی ٢٠٢٥
شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، دەست دەکەن بە پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بازاڕی دارەسوتاوەکە و ئاگاداری خاوەن دوکان و کاسبکاران و تیمە رۆژنامەوانییەکانیش دەکاتەوە، نەچنە بازاڕەکەوە.
شارەوانی سلێمانی داوا لە کاسبکار و خاوەن دوکان و هاووڵاتیان و تیمە رۆژنامەوانییەکان دەکات، نەچنە بازاڕی دارەسوتاوەکەوە، بەمەبەستی ئەوەی شارەوانی بتوانێت کارەکانی ئەنجام بدات.
ئەوەشی خستووەتە روو، تیمێک کە پێکدێت لە هەردوو بەشی خزمەتگوزاری و ئامێرەکانی شارەوانی، هەڵدەستن بە پاککردنەوەی بازاڕەکە.
ئەمەش دوای ئەوەدێت، لەسەر ئەرکی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال قەرەبووی زیانلێکەوتووانی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی دەکرێتەوە، نوێنەری قوباد تاڵەبانیش رایگەیاند، بەپێی راپۆرتەکان 116 دوکان و چوار شوێنی لەفەفرۆشتن و خواردنی خێرا سوتاون، لەماوەی کەمتر لە یەک هەفتەدا بەپێی راپۆرتی زیانەکانیان قەرەبوو دەکرێنەوە و پارەی قەرەبووەکەیان بە کاش پێ دەدرێت.
وتیشی، زیانەکان تاوەکو ئەم ساتە بە سەروو یەک ملیار دینار دەخەمڵێنرێت. بڕیاریشە شارەوانی سلێمانی تەواوی بازاڕەکە پاک بکاتەوە و دیزاینی نوێ بۆ بازاڕەکە دابنێت، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی سیستمی نوێی کارەبا بە ئامێری نوێوە بۆ بازاڕەکە دادەنێت، کە رەچاوی سیستمی سەلامەتی و ئاگرکوژێنەوەشی تێدا دەکرێت.
بەیانی رۆژی شەممە 5ی نیسان، ئاگر لە بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە و بەهۆیەوە 120 دوکان و شوێنی کارکردن زیانیان پێگەیشتووە، کە بەشێکیان بە تەواوی سوتاون.