قوباد تاڵەبانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئەنجامدا
محەمەد رزگار
٦ی نیسانی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە رۆبین سۆگۆیان، باڵیۆزی ئەرمینیا لە عیراق و مەدان گۆپاڵ، کونسوڵی گشتیی هیندستان و ئەمیرە نەبیل، کونسوڵی بازرگانیی کۆماری عەرەبی میسر کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوانەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوون، جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی وڵاتانی هیندستان و میسر و ئەرمینیای کرد، بۆ سەرکەوتنی کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی داهێنان و کارسازی لە سلێمانی و رایگەیاند، کۆڕبەندیی کارسازی و داهێنان دەتوانێت دەرگایەکی دیکە بەڕووی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بکاتەوە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا، بۆ ئەوەی ئامانجی کۆڕبەندیی داهێنان و کارسازی بەدیبهێنین پێویستە سود لە ئەزمونی هیندستان و میسر و ئەرمینیا و وڵاتانی دیکەش وەربگرین، بە تایبەتیش کوردستان لەڕووی پسپۆڕییەوە پێویستیی بە هاوکاری ئەو وڵاتانە هەیە.

