ئەم هەفتەیە لە بەغداد كۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم بەڕێوەدەچێت
لاوان
٦ی نیسانی ٢٠٢٥
پەرلەمانتارێكی عیراق ئاشكرایكرد، ئەم هەفتەیە جارێكی تر وەزارەتەكانی نەوتی عیراق و سامانە سروشتییەكانی هەرێم و ئەپیكور لە بەغداد كۆدەبنەوە، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
سەباح سوبحی ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ئەم هەفتەیە جارێكی تر وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی سامان سروشتییەكانی هەرێم و نوێنەری كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان ناسراو بە ئەپیكور، كۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
وتیشی، كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت بەڕێوەدەچێت و تیایدا تیشك دەخرێتە سەر ناڕەزاییەكانی ئەپیكور، لەنێویاندا تێچوو و هەناردەكردنی نەوت.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، حكومەتی عیراق جددی نییە، بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو وەفدانەی بۆ دانووستان دەیانێرێت، دەسەڵاتی بڕیاردانیان نییە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، تائێستا چەند جارێك ئەو سێ لایەنە لەسەر پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كۆبوونەتەوە و نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، رۆژی هەینی رابردووش، ئەپیكور لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، بەپەلەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، دواتر وەزارەتی نەوتی عیراق ئەو راگەیەنراوەی ئەپیكوری رەتكردەوە و داوایكرد، بە زوترین كان گفتوگۆ و دانوستان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن دەستپێبكات.