سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال قەرەبووی کاسبکارانی بازاڕی دارەسوتاوەکە دەکاتەوە
هەساو ئەمیر
٦ی نیسانی ٢٠٢٥
نوێنەری قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال قەرەبووی زیانلێکەوتووانی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی دەکاتەوە و شارەوانی و کارەبای سلێمانیش سەرپەرشتی نۆژەنکردنەوەی دوکانەکان دەکەن.
نوێنەری قوباد تاڵەبانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، بەپێی دوایین راپۆرت 116 دوکان و چوار شوێنی لەفەفرۆشتن و خواردنی خێرا سوتاون، کە بۆ هەریەکێکیان راپۆرتی زیانەکان ئامادە کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کاسبکارێک بەپێی راپۆرتی زیانەکەی لەسەر شوێنی کارەکەی ئامادەکراوە قەرەبوو دەکرێتەوە. وتیشی، لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا قەرەبووەکە بەشێوەی کاش دەدرێتە کاسبکارەکان.
ئەوەشی خستە روو، زیانەکان تاوەکو ئەم ساتە بە سەروو یەک ملیار دینار دەخەمڵێنرێت. بڕیاریشە شارەوانی سلێمانی تەواوی بازاڕەکە پاک بکاتەوە و دیزاینی نوێ بۆ بازاڕەکە دابنێت، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانیش سیستمی نوێی کارەبا بە ئامێری نوێوە بۆ بازاڕەکە دادەنێت و رەچاوی سیستمی سەلامەتی و ئاگرکوژێنەوەشی تێدا دەکرێت.
بەیانی رۆژی شەممە 5ی نیسان، ئاگر لە بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە و بەهۆیەوە 120 دوکان و شوێنی کارکردن زیانیان پێگەیشتووە، کە بەشێکیان بە تەواوی سوتاون.
ئەمڕۆش پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، کەسێکیان بە تۆمەتی سوتانی بازاڕی دارەسوتاوەکە دەستگیر کردووە، کە هێشتا روون نییە هۆکاری رووداوەکە بووبێت، بەڵام لێکۆڵینەوە دەکرێت.
نوێدەکرێتەوە...