قوباد تاڵەبانی: ئامانجمانە لە داهاتوودا سلێمانی ببێتە پایتەخت و ناوەندی داهێنان و تەکنەلۆژیا
سام
٦ی نیسانی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی بەشداری لە دووەمین كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی كارسازی و داهێنان لە سلێمانی کرد و دواتریش لە پەیامێکدا رایگەیاند، " چەند ساڵێکە لە هەوڵداین بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ داهێنان، بەڕێوەچوونی ساڵانەی کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی داهێنان و کارسازی لە سلێمانی لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە"
قوباد تالەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری رەسمی خۆی رایگەیاندووە، "سلێمانی شانازی بەوەوە دەکات کە هەمیشە ناوەند و پایتەختی ئەدەب و رۆشنبیریی کوردستان بووە، ئێستاش لەپاڵ ئەم شانازییەدا، ئامانجمانە لە داهاتوودا سلێمانی ببێتە پایتەخت و ناوەندی داهێنان و تەکنەلۆژیا لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا".
ئاماژەی بەوەشداوە: چەند ساڵێکە لە هەوڵداین بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ داهێنان، بەڕێوەچوونی ساڵانەی کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی داهێنان و کارسازی لە سلێمانی لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە. کوردستان و سلێمانی پڕە لە گەنجی زیرەک و خولیای داهێنان، ئەوان پێویستییان بە پشتگیری و ژینگەیەکی لەبارە و ئێمەش ئامانجمانە چ وەک حکومەت و چ لەڕێگەی هاندانی کەرتی تایبەت و زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانەوە وەبەرهێنان لەسەر بیرۆکە و تواناکانیان بکەین.
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، ئەمە رێگەیەکی درێژە و ئێمە هێشتا لەسەرەتاداین، بەڵام دڵنیاین و ئیرادە و روئیامان هەیە ئەم خەونە بکەین بەڕاستی و سلێمانی بکەینە یەکێک لەناوەندە گرنگەکانی داهێنان و تەکنەلۆژیا لەناوچەکەدا.





