بەهۆی تەقینەوەی مینەوە لە کوێستانەکانی برادۆست، گەنجێک گیانی لەدەستدا و برایەکیشی بریندار بوو.

پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، روداوەکە بەیانی ئەمڕۆ رویداوە و مین بە گەنجێکدا تەقیوەتەوە لە کوێستانەکانی برادۆست، بەهۆیەوە دەستبەجێ گەنجەکە گیانی لەدەستداوە و برایەکیشی بریندار بووە.

ئەوەشی خستە روو، ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە ناوی محەمەد هەینی بووە و تەمەنی 28 ساڵ بووە. بەمەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە لەگەڵ براکەیدا روویان لە کوێستانەکانی برادۆست کردووە.

پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، لە ئێستادا تەرمی ئەو گەنجە بۆ پزیشکی دادی سۆران گواستراوەتەوە و توێکاریی بۆ تەرمەکەی دەکرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە سێیەم رووداوی پێدا تەقینەوەی مینە لەو سنوورەدا.

لە هەرێمی کوردستان چەندین ناوچەی مینڕێژکراوی لێیە، کە لە سەردەمی رژێمی پێشووی عیراقدا ئەو مینانە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان چێنراون، ئەگەرچی 34 ساڵ بەسەر روخانی رژێمی بەعسدا تێپەڕیوە و لەو ماوەیەشدا حکومەتی هەرێم بەردەوامبووە لە پاککردنەوەی ناوچەکان لە مین، بەڵام هێشتا بەشێکی خاکی کوردستان بە تەواوی لە مین پاکنەکراوەتەوە و ناو بە ناویش بەو کەسانەدا دەتەقێتەوە کە بە مەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە یان شاخەوانی روو لە شاخە بەرز و چیاکان دەکەن.