ئاوات محەمەد: لە ئاگرەکەی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی زیاتر لە 150 دوکان زیانیان بەرکەوتووە
محەمەد رزگار
٥ی نیسانی ٢٠٢٥
قائیمقامی سلێمانی رادەیەگەنێت: لە ئاگرەکەی بازاری دارەسوتاوەکە نزیکەی 150 دوکان زیانی مادیان بەرکەوتووە، لیژنەیەکیش پێکدەهێنرێت بۆ خەمڵاندنی کۆی گشتی زەرەر و زیانەکانی ئاگرەکە.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: نزیکەی 150 دوکان زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات وەک ئیدارەی خۆجێی نوسراو ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ هاوکاریکردنی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە.
وتیشی: تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکە نازانرێت، لە رێگەی لیژنەکەوە لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەکرێت.
ئاوات محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە گشت رێوشێنەکانی سەلامەتی لەم جۆرە شوێنانە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ئەم روداوە ناخۆشانە دوبارە نەبنەوە.