بەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە بەشێکی بازاری دارەسوتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە، بەهۆی ئاگرەکەوە زەرەر و زیانێکی زۆری مادی بە بەشێک لە کاسبکاران گەیشتووە، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی دەڵێت: تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکە نەزانراوە.

عەمید دیار ئیبراهیم بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە تیمەکانمان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و تونرا لە ماوەی کەمتر لە یەک سەعات و نیو ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت.

عەمید دیار ئیبراهیم وتیشی: تائێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دیار نییە و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە.

جێگەی ئاماژەیە، بەهۆی ئاگرەکەوە زیاتر لە 100 دوکان سوتاون و کاسبکاران زیانێکی مادی زۆریان پێگەیشتووە، بەڵام خۆشبەختان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.