کەشناسی هەرێم: لە درەنگانی ئەمشەوەوە بارانبارینی بەلێزمە دەستپێدەکات و هەورە بروسکەی لەگەڵ دەبێت
محەمەد رزگار
٤ی نیسانی ٢٠٢٥
لە درەنگانی ئەمشەوەوە شەپۆلێکی باران بارینی بەلێزمە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە وکەشناسی هەرێمیش رایدەگەیەنێت؛ کاریگەری ئەم شەپۆلە تا درەنگانی شەوی شەممە بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی باران بارین و هەورە بروسکە لە درەنگانی ئەم شەو لە بەشێک لە ناوچەکانی گەرمیان دەست پێبکات.
راشیگەیاند: لە کاتەکانی بەرەبەیانیدا کاریگەریەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکانی دیکەی گەرمیان و هەڵەبجە و کەرکوک و سلێمانی و پاشان هەولێر و دهۆک، دەشڵێت، شێوازی دابارین هەندێک جار دەگۆڕێت بۆ بارانی بەلێزمە و هەورە بروسکە.
کەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئەوەی لە وەرزی بەهارداین و هەورەکانی دابارین هەندێک جار لە جۆری (Cumulonimbus) (Cb) دەبێت بۆیە ئەگەر هەیە لە هەندێ ناوچە تەزرەشی لەگەڵدا بێت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی کاریگەری ئەم شەپۆلە تا درەنگانی شەوی شەممە بەردەوام دەبێت