قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەک سەرۆکی فەخری یانەی سلێمانی دەستنیشانکرا و دەڵێت، "بڕیارماندا لە ماوەیەکی کورتدا پلانێکی تۆکمە بۆ پێنج ساڵی داهاتووی یانەکە ئامادەبکرێت تا بە هەوڵ و هیمەتی هەموو لایەکمانەوە یانەی سلێمانی بگەیەنینەوە ئەو ئاستەی کە شایستەی ناوبانگ و مێژووە پڕشنگدارەکەیەتی"

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەی سلێمانی کۆبوومەوە، گفتوگۆی تێروتەسەلمان کرد لەبارەی چۆنییەتی بووژانەوە و گەشەپێدانی یانەکە کە لە ئێستادا خاوەنی چەندین تیپە لە بوارە جیاوازە وەرزشییەکاندا.

ئاماژەی بەوەشداوە، بە شانازییەوە بەندەیان وەک سەرۆکی فەخری یانەکە دەستنیشان کرد و بڕیارماندا لە ماوەیەکی کورتدا پلانێکی تۆکمە بۆ پێنج ساڵی داهاتووی یانەکە ئامادەبکرێت تا بە هەوڵ و هیمەتی هەموو لایەکمانەوە یانەی سلێمانی بگەیەنینەوە ئەو ئاستەی کە شایستەی ناوبانگ و مێژووە پڕشنگدارەکەیەتی.

" یانەی سلێمانی یانەی دایکە و دەبێت لەم قۆناغەدا شوێن و پێگەی شیاوی خۆی بۆ بگەڕێتەوە، مێژووی وەرزش لە سلێمانی بە یانەی وەرزشیی سلێمانییەوە گرێ دراوە و چەندین نەوەی خەڵکی سلێمانی بیرەوەرییان لەگەڵ ئەم یانەیەدا هەیە "، قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.