پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی یەکێک لە تۆمەتبارانی هەڵکوتانە سەر رێستۆرانتەکەی سلێمانی راگەیاند، دەشڵێت بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تۆمەتبارەکانی دیکەدا.

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە، شەوی رابردوو لە رێستۆرانتی فانسی لە شاری سلێمانی شەڕ و ئاڵۆزی دروست بوو و تەقەکرا، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی بەردەوام بوون لە گەڕان و بەدواداچوونەکان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران، سەرئەنجام یەکێک لە تۆمەتبارەکان خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەدا دەستگیراوە بەسەر چەکێک لە جۆری دەمانچەی تورکیدا.

باسی لەوەشکردووە، لە ئێستادا تۆمەتبار (ز،ح،ع ) بەبڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە.

پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، هێزەکانمان بەردەوامن لە گەڕان بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی دیکە کە لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە.