سەرۆک بافڵ: ئیتر کاتی هاتووە دوور لە دروشم، هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری هەڵەبجە
١٦ی ئازاری ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا دەڵێت، ئیتر کاتی هاتووە دوور لە دروشم، هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری هەڵەبجە و بە یەک دەست هەموومان بە پرۆژەیەکی نیشتمانییەوە کاربکەین بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان، و گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بە ناوچەکە.
دەقی پەیامەکەی سەرک بافڵ...
هەمیشە دەست لەسەر سنگ، هاوسۆزین لەگەڵ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و قوربانیانی چەکی کیمیایی.
هەڵەبجە بۆ ئێمە هێمای قوربانی و مەزڵومیەتی گەلەکەمانە، دوای ٣٧ ساڵ لە جینۆسایدکردن و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی هەمیشە زیندوو، تاوەکو ئێستا ئاسەوار و کاریگەرییە خراپەکانی بەسەر خەڵک و خاکی شارەکەوە ماوە.
ئێمە لە ئازاری کەسوکارەکانمان، داواکاری و خواستەکانیان لە هەڵەبجەی سەربەرز تێدەگەین، بۆیە لەگەڵ هەموو گلەیی و پێویستییەکانیاندام و لە پێشەوەی بەرگری لە مافەکانتان و پارێزەری راستەقینەشتان دەبم بۆ هێنانەدییان.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشانە لە رێگای نوێنەرەکانی لە ناوەندەکانی دەسەڵات و یاسادانان وەک هەمیشە بێ درێغیکردن بۆ پرسی هەڵەبجە کاردەکات و بەردەوام لە هەوڵدا دەبین تا خزمەتی شاری شەهیدان و خەڵکە خۆشەویستەکەی بکەین، ئەمەش ئەرکە لەسەرشانی هەموو یەکێتییەک کە خزمەتکاری هەڵەبجە بێت.
ئیتر کاتی هاتووە دوور لە دروشم، هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری هەڵەبجە و بە یەک دەست هەموومان بە پرۆژەیەکی نیشتمانییەوە کاربکەین بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان، و گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بە ناوچەکە.
ئەرکی حکومەتیشە خزمەتکردنی هەڵەبجە و ئاوەڕدانەوەی زیاتر لە شارەکە بکاتە ئەولەویەتی کارکردنی و بودجە و شایستەی دارایی پێویست دابینبکات کە لە ئاست گەورەیی هەڵەبجەدا بێت.
سڵاوی وەفاداریمان بۆ گیانی پاک و نەمری شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە، سەربەرزی بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان