بەردی بناغەی پردی تەنگی سەید محەمەد لە پارێزگای هەڵەبجە دانرا و بڕیارە لە ماوەی 900 رۆژدا جێبەجێ بکرێت.

لە میانەی سەردانێکیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە یاوەری دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەردی بناغەی پردی تەنگی سەید محەمەدی دانا.

پردی تەنگی سەید محەمەد پڕۆژەیەکی ستراتیژییە لە ناوچەکەدا و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە. درێژی پردەکە 600 مەتر دەبێت و بە گوژمەی نزیکەی 27 ملیارد دینار لەماوەی 900 رۆژدا جێبەجێ دەکرێت.

هەر لە سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە، قوباد تاڵەبانی پڕۆژەی سایلۆی هەڵەبجەی بەسەر کردەوە و بە دواداچوونی کرد بۆ چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی کارەکانی پڕۆژەکە. سایلۆی هەڵەبجەش لە پرۆژە ستراتیژییەکانی پارێزگاکەیە و لە ساڵی 2024دا بەردی بناغەکەی دانراوە و لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو دەکرێت.