لە سەعات یەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە بۆ ماوەی سێ رۆژ کارەبای نیشتیمانی 24 سەعاتی بە بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی دەدرێت.

غالب محەمەد بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵ و گەیاندنی کارەبای سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند: ئەم پرۆسەیە گرنگە بۆ دیاریکردنی خاڵە لاوازەکانی  تۆڕی کارەبای نیشتیمانی و لە ئەمڕۆوە بە سێ قۆناغ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وتیشی: ئەمڕۆ لە سەعات یەکی دوانیوەڕۆوە وەک قۆناغی یەکەم لەچەند گەڕەکێکی شاری سلێمانی و بۆ ماوەی 72 سەعات دەستپێدەکات، قۆناغەکانی دووەم و سێیەم لەماوەکانی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە دەرەوەی شاریش دەگرێتەوە.

غالب محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پرۆسەیە تەنها بۆ دیاریکردنی خاڵە لاوازەکانی سەر تۆڕی کارەبای نیشتیمانییە.

سەبارەت بە پێدانی سەعاتەکانی کارەبای نیشتیمانی بە هاووڵاتیان بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵ و کارەبای سلێمانی راشیگەیاند، 10 رۆژ پێش ئێستا پێدانی کارەبا بەهاووڵاتیان لەئاستی پێویستدا نەبوو، بەڵام ماوەی سێ رۆژە نزیکەی 16 سەعات کارەبای نیشتیمانی بۆ هاووڵاتیان دابیندەکرێت.