هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە دەڵێت، پێویستە هەلومەرجی كۆنگرە بڕەخسێت و تا بەستنی كۆنگرەش پەكەكە چەك دانانێت.

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا، جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) رایگەیاند، لە پرۆسەیەكی هەستیاردان و ئەگەر هێرشەكانی توركیا بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، چۆن دەكرێت باس لە بەستنی كۆنگرەی پەكەكە بۆ چەك دانان بكرێت، بۆیە پێویستە دەستبەجێ توركیاش هاوشێوەی پەكەكە ئاگربەست رابگەیەنێت.

وتیشی، توركیا بەهۆی گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ناچار بووە دەست بە پڕۆسەیەكی نوێ لەگەڵ كورد بكات.

وتیشی، ئۆجەلان لە ساڵی 1993ەوە كار بۆ چارەسەری پرسی كورد بە رێگەی ئاشتی و بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتی دەكات و پەكەكە گرنگی بە پەیامەكەی ئۆجەلان داوە و پابەندی ئاگربەستە و رۆڵی خۆیان بینیوە.