دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە روداوێکی تەقەکردندا پزیشکێک هاوسەر و سێ ئەندامی بنەماڵەی هاوسەرەکەی کوشت، ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی پزیشکەکەی راگەیاند و دەڵێت، رووداوەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە.

ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، تۆمەتبار 'س. م. ع' کە پیشەی پزیشکە، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بە چەکی جۆری دەمانچە هاوسەرەکەی و خەسوو و خەزور و خوشکێکی هاوسەری کوشتووە.

روداوەکە لە گەڕەکی کەرتی 5ی فەرمانبەران رویدا، دوای روداوەکە و گەیاندنی تەرمەکان بە پزیشکی داد و ئەنجامدانی توێکاری، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی ئەو چوار کەسە لە گۆڕستانی کەسنەزان لە هەولێر بەخاک سپێردران.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو پزیشکەی تاوانەکەی ئەنجامداوە یەکێک بووە لە پزیشکە بەناوبانگەکان و خاوەنی نەخۆشخانەیەکی تایبەتە لە هەولێر، هاوسەرەکەشی بە ناوی سانا کەمال بەهەمان شێوە پیشەی پزیشک بووە و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون بووە.

جگە لەوە خوشکی هاوسەرەکەشی بەناوی سەناریا کەمال، بەهەمان شێوە پیشەی پزیشک بووە و پسپۆڕییەکەی تیشک و سۆنار بووە.

پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەی خستە روو، بەپێی وتەی کەسوکاریان ئەو دوو هاوسەرە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ئەو کێشەیەیان هەیە و خاوەنی چوار منداڵ بوون.

ئەوەشی خستە روو، بەپێی زانیارییەکان، دەوترێت یەکێک لە منداڵەکانیان لە روداوەکەدا بریندار بووە و لەئێستادا چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرێت.