قائیمقامییەتی سلێمانی بردنە دەرەوەی ئاژەڵی زیندووی بۆ بۆ ناوەڕاست و خوارووی عیراق قەدەغە کرد
هەساو ئەمیر
١٣ی ئازاری ٢٠٢٥
قائیمقامییەتی سلێمانی بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور، بردنە دەرەوەی ئاژەڵی زیندووی بۆ ناوەڕاست و خوارووی عیراق قەدەغە کرد.
قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی بەرهەمی پرۆژەکانی ناوخۆی مریشک و هێلکە لە وەرزی بەهاردا بە رێژەیەکی بەرز بەرهەم دەهێنرێت، بڕیاریان داوە لە پڕکردنەوەی پێداویستی بازاڕدا پشت بە مریشک و هێلکەی پرۆژەکانی ناوخۆ ببەسترێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چوارچێوەی بریاڕ و رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێگە بە هاوردەکردنی گۆشت و ئاژەڵی زیندوو، ماسی دەدرێت و هاوردەکردنیان لە مانگی ئازاردا کراوە دەبێت.
قائیمقامییەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا خواستی هاووڵاتیان لەسەر گۆشتی سوور زۆرە و بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکەشی، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لایەنەکانی راسپاردووە رێگری لە بردنە دەرەوەی ئاژەڵی زیندوو بکەن بۆ ناوەڕاست و خوارووی عیراق.
ئەوەش هاتووە، لەم وەرزەدا بەرهەمەکانی ناوخۆ بەتەواوەتی پێ نەگەیشتوون بۆیە رێگە دەدرێت بە هاوردەکردنی چەند جۆرێک لە سەوزە و میوە بەپێی پێویست، بە مەرجێک بەشێوەیەکی تەندروست و لەژێر چاودێریدا هاوردە بکرێت.
قائیمقامیەتی سلێمانی جەختی لە بەردەوامی قەدەغەی هاوردەکردنی فاسۆلیای تەڕ کردووەتەوە، چونکە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نەخۆشی تیایدا قەدەغەی کردبوو و باسی لەوەکردووە، لە هەرشوێنێکی سەوزە و میوەفرۆشیدا دەستی بەسەردا بگیرێت دەبێت لەناو ببرێت.