'بە تۆمەتی پیسکردنی ژینگە کارگەیەک لە عەربەت درا بە دادگا'
هەساو ئەمیر
١٠ی ئازاری ٢٠٢٥
پۆلیسی دارستانی سلێمانی رایگەیاند، بە تۆمەتی پیسکردنی ژینگە و بڵاوکردنەوەی بۆنی ناخۆش، کارگەیەک لە عەربەت درا بە دادگا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بە تۆمەتی پیسکردنی ژینگە و بڵاوکردنەوەی بۆنی ناخۆش لە هەوادا، کە ببووە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتیانی سنوورەکانی قەزای هەڵەبجەی تازە و ناحیەکانی عەربەت و زەڕایەن و دەوروبەریان، لەلایەن بنکەى پۆلیسى دارستان و ژینگەى عەربەت، کارگەیەک رووبەرووى دادگا کرایەوە .
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتریش چەند کارگە و پاڵاوگەیەک لەلایەن بنکەی پۆلیسى دارستان و ژینگەى عەربەت پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رێکاری یاسایی بەرامبەریان ئەنجامدراوە .
ئەوەش هاتووە، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو کارگەیە رێکخراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی و کێشەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.