شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە رۆژی جلی نەتەوەییدا رایگەیاند، جلوبەرگە نەریتییەکانمان تەنیا پارچە قوماشێکی جوان نین سیمبولی ناسنامە و مێژوومانن. دەشڵێت، "شانازی بەم جلوبەرگە جوانانەوە دەکەین، کە چەندین نەوەی کورد و ئاشوورییەکان و ئەوانی تر لە ناوچەکانمان دەیانپۆشی".

ئەمڕۆ 10ی ئازار، رۆژی جلی نەتەوەییە لە هەرێمی کوردستان، بەوبۆنەیەوە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق رایگەیاندووە، "لە رۆژی نیشتمانی جلی کوردیدا، شانازی بەم جلوبەرگە جوانانەوە دەکەین، کە چەندین نەوەی کورد و ئاشورییەکان و ئەوانی تر لە ناوچەکانمان دەیانپۆشی".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە رەنگی ئاڵوواڵا و رەنگین و رێکپۆشییەکەیەوە، ئەم پۆشاکە کلتور و هەمەڕەنگی رۆشنبیریمان دەنوێنێت".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەوەشی خستووەتە روو، نەک تەنها لە بۆنە تایبەتەکاندا، بەڵکو "بە خۆشی و شانازییەوە" لە هەموو بۆنەکاندا جلی کوردی دەپۆشێت و دەشڵێت، جلوبەرگێکی گونجاوە و هەرکەس بیپۆشێت جوان و رازاوە دەردەکەوێت. رێگایەکیشە بۆ نیشاندانی کلتوور لە هەر شوێن و هەر کاتێکدا بێت.