بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانی ژنان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: هەمیشە لەگەڵتان بووم و پشتیوان و پارێزەری بەدیهێنانی هەموو خواستەکانتان دەبم.

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ.....

لە رۆژی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنان، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە ژنانی کوردستان، عیراق و جیهان دەکەم.

هیوادارم ئەمڕۆ سەرەتایەکی جددی و کارکردنی پێکەوەیی هەموومان بێت بۆ پارێزگاریکردن لە مافەکانی ژنان و پشتیوانیکردن لە خەباتیان و نەهێشتنی جیاکاری و هێنانەدی داواکاری و خواستەکانیان.

ئێمە باوەڕی پتەو و نەگۆڕمان بە یەکسانی و فراوانکردنی بەشدارییان لە ناوەندەکانی دەسەڵات و بڕیاردا هەیە، لەسەر بنەمای ئەم پرەنسیپە چەسپاوە زەمینەی زیاتر دەڕەخسێنین بۆ ژنان تاوەکو لەناو ریزەکانی یەکێتیدا خەبات بکەن و شانبەشانی کاری رێکخراوەییان، پێکەوە خەباتی ژنان جۆشبدەینەوە و نەهێڵین لەژێر هیچ پاساوێکدا ئازادییەکانتان لێبسەندرێتەوە.

لەم یادەدا سڵاوی وەفاداری دەنێرین بۆ هەموو ئەو ژنە تەوارانەی لە قۆناغەکانی خەباتی کوردایەتی بەشێک بوون لەکۆڕی تێکۆشان و قوربانییان بەخشیوە لەپێناو گەل و خاکەکەماندا، چ وەک ژنە پێشمەرگە و شۆڕشگێر، وەک دایک، مامۆستا، چالاکوان کە لە پێشەوەی کۆڕی تێکۆشاندا بوون، هەمیشە خۆمان بەقەرزارتان دەزانین و وەفاداری ماندوبوون و خەباتتان دەبین.

هەمیشە لەگەڵتان بووم و دەبم، پشتیوان و پارێزەری بەدیهێنانی هەموو خواستەکانتانم و لە ریزی پێشەوەی نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەمتان دەبم، تا ئێوەی ژنان رۆڵی گرنگتر بگێڕن لە هەرێمى کوردستان و وەک هەمیشە بەشێکبن لە سەرکەوتن و گۆڕانکارییەکان لە هەموو کایەکانی ژیاندا.

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان