هەسەدە: هیچ ئەندامێكی رژێمی پێشووی سوریا لەناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هەسەدە نین
لاوان
٧ی ئازاری ٢٠٢٥
فەرماندەی گشتی هەسەدە لە رەقە لەگەڵ فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان و شێخەكانی تەبقە و رەقە كۆبووەوە, بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا.
بەگوێرەی راگەیەنراوی كۆبوونەوەی مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە لەگەڵ و فەرماندەیی هێزەكانی هاوپەیمانان و شێخەكانی تەبقە و رەقە، كۆبوونەوەكە هاوڕابووە لەسەر ئەوەی قەیرانی سوریا تەنها بە گفتوگۆی سوریا-سوریا چارەسەردەكرێت، هەروەها بڕیاریداوە بە پێكهێنانی لیژنەیەك لە تەواوی پێكهاتەكانی ناوچەكە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا سەبارەی بە ئایندەی ناوچەكە و دەوڵەتی سوریا.
هاوكات، كۆبوونەوەكە ئامادەیی نیشانداوە بۆ تێكەڵكردنی دامودەزگاكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ دەوڵەتی سوریا بە رێككەوتن، راشیگەیاندووە، لە ئایندەیەكی نزیكدا پاكێجێكی چاكسازی ئیداری و ئابووری لە بەرژەوەندی خەڵكی ناوچەكە دەخرێتەبواری جێبەجێكردنەوە.
كۆبوونەكەوە جەختیلەوەشكردووەتەوە، هیچ ئەندامێكی رژێمی پێشووی سوریا یاخود گروپە هاوپەیمانەكانی ئێران لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا نین، ئاماژەی بەوەشداوە، بەبۆنەی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە كاردەكەن بۆ دەركردنی لێبوردن بۆ زیندانیانی یاسای گشتی.