کەشناسی: شەپۆلێکی باران بارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
محەمەد رزگار
٧ی ئازاری ٢٠٢٥
کەشناسی هەرێم رایگەیاند: ئەمشەو شەپۆلێکی باران بارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکانیش ئەگەری بەفر بارین هەیە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، لە ئەنجامى کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى سوور پێشبینى دەکرێت ئەم شەو شەپۆلێکى باران بارین روو بکاتە کەرکووک و زۆربەى ناوچەکانى گەرمیان و هەڵەبجە و سلێمانى.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەندێ ناوچە هەورە بروسکەى لەگەڵ دەبێت پاشان کاریگەریەکەى لە درەنگانى شەودا درێژ دەبێتەوە بۆ سەر پارێزگای هەولێر ناوچە شاخاویەکانى و پارێزگای دهۆک.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەگەری بەفر بارین لەناوچە شاخاویەکان هەیە، بەتایبەت لە سەر لوتکەى شاخە بەرزەکانى باکور و باکورى رۆژهەڵاتى هەرێم و پلەکانى گەرما بۆ رۆژانى دواتر (6-8) پلە دادەبەزێت بەبەراورد بە پلەکانى گەرمى ئەمڕۆ .
راشیگەیاندووە، پێشبینى دەکرێت ئەم ناوچانەى خوارەوە رێژەیەکى بارانى زیاترى لێ ببارێت:
1- پارێزگای کەرکووک لە کاتەکانى دوای نیوەشەودا
2- ناوچەکانى سەنتەرى شارى هەولێر و باشورى رۆژئاوای شارەکە لە کاتەکانى بەرەبەیانیدا.