دارایی عیراق موچەی مانگی دووی پەیوەست كردووە بە پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت
لاوان
٧ی ئازاری ٢٠٢٥
دوای زیاتر لە هەفتەیەك مانەوە لە بەغداد، وەفدەكەی هەرێم كە لیستی موچەی مانگی دوویان لەگەڵ خۆیدا بردبوو، بە دەستبەتاڵی گەڕایەوە و چارەنووسی موچەش نادیارە.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، وەفدە تەكنیكییەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی دووی پێشكەشی دارایی عیراق كرد، بەڵام دوای زیاتر لە هەفتەیەك مانەوە لە بەغداد، بە دەستبەتاڵی گەڕاوەتەوە هەرێم و نەیتوانیوە موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابین بكەن.
ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی دارایی عیراق موچەی مانگی دووی موچەخۆرانی هەرێمی پەیوەست كردووە، بە گفتوگۆكانی نێوان وەزارەتی نەوتی عیراق و كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان، تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەگەر گفتوگۆكانیش بەشێوەیەكی ئەرێنی بەڕێوەنەچێت پێناچێت هەفتەی داهاتووش موچەی مانگی دووی موچەخۆرانی هەرێم بنێردرێت.
پەیامنێری كوردسات نیوز وتیشی، پێدەچێت رۆژی یەكشەممەی داهاتوو جارێكی دیكە هەردوو وەزارەتی نەوتی عیراق و سامانە سروشتییەكانی هەرێم و كۆمەڵەی كۆمپانیاكانی نەوت لە بەغداد كۆببنەوە، بۆ تاوتوێكردنی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.