هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەکان کراون؛ وەزارەتی بەرگریی سوریا شاری بانیاسی کۆنتڕۆڵ کردەوە
هەساو ئەمیر
٧ی ئازاری ٢٠٢٥
دوای ئەو شەڕ و پێکدادانەی لە دوێنێوە چەند شار و ناوچەیەکی کەناراویی سوریای گرتووەتەوە، وەزارەتی بەرگری سوریا رایگەیاند، شاری بانیاسیان کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە و لە هەریەکە لە لازقیە و سەلحەب و تەرتوسیش خاڵی پشکنینی توندیان داناوە.
وەزارەتی بەرگریی سوریا رایگەیاند، توانیویانە بە تەواوی شاری بانیاس کۆنتڕۆڵ بکەنەوە و لە ئێستاشدا هێزەکانیان سەرقاڵی ئەوەی بە خێراترین شێوە و بە بەکارهێنانی چەکی قورس ناوچەکانی چواردەوریش لە گروپە چەکدارەکانی سەر بە رژێمی پێشووی سوریا پاک بکەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ خاڵکی پشکنینی توندیان لە هەریەک لە شارەکانی لازقیە و سەلحەب و تەرتوس داناوە و چەند هێزێکیش بە گەڕەک و کۆڵانەکاندا دەگەڕێن بۆ رێگریکردن لە زیاتر تەشەنەسەدنی ئەو گرژیانە. لەلایەکی دیکەوە قەدەغەی هاتوچۆ لە تەرتوس بۆماوەی 20 سەعاتی دیکە درێژ کراوەتەوە.
لە دوێنێوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان گروپە چەکدارەکانی سەر بە سوریا 'کە بە عيلەوییەکان ناودەبرێن' و هێزەکانی سوپای سوریا و گروپە هاوپەیمانەکانی دەستی پێ کردووە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی گرژییەکان وەزارەتی بەرگری سوریا رایگەیاندووە، بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی لازقیە هێزێكی گەورەی پشتیوانییان رەوانەی ناوچەكە كردووە و لە پارێزگای حومسیش قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنراوە.
بەهۆی ئەو رووداوانەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٧٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە نزیکەی پێنج بۆ شەش کەسیان هاوڵاتی مەدەنین و یەکێکیشیان کچە خوێندکارێکی رژئاوای کوردستانە بە ناوی "شیندا عادل"، کە ئەمڕۆ بەهۆی تەقەی راستەوخۆی گروپە چەکدارەکانەوە لە لازقیە گیانی لەدەستدا، کە خوێندکاری قۆناغی سێی دەرمانسازی بوو.
تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی بریندار بوون لەو هێرشە چەکدارییەی عەلەوییەکان دەستیان پێکردووە؛ دیار نییە، بەڵام ئەوە روونە کە ژمارەیان زۆرە.
بەپێی دوایین زانیارییەکان گرژییەکان کەمێک کەمتر بوونەتەوە لەچاو چەند کاتژمێری رابردوو، بەڵام هێشتا بڵاوبوونەوەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە رژێمی پێشووی سوریا لە چەند ناوچەیەک بەردەوامە و سوریاش هێزێکی زۆری سوپای رەوانەی ئەو ناوچانە کردووە، تاوەکو بە هاوکاری گروپە هاوپەیمانەکانیان و هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆنتڕۆڵی ئەو روداوانە بکەن.