کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، لەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارینی بەلێزمە بە هەورەتریشقەوە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر بەفر و کڕێوە دەبێت.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان بەگشتى هەور دەبێت، لە کاتەکانی ئێوارە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان باران بەشێوەی نمەباران و مامناوەند دەبارێت. پاشان لە کاتەکانی درەنگانی شەو کاریگەری دابارین زیاتر دەبێت و زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە، کە هەندێک کات بەشێوەی لێزمەباران و هەورەتریشقە دەبێت.

کەشناسی دەشڵێت، هەر ئەمڕۆ پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییە سنوریەکانی پارێزگای هەولێر کەمێک بەفر ببارێت و کڕێوە ببێت. بە گشتیی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبنەوە بەراورد بە دوێنێ.

راشیگەیاندووە، سبەینێ شەممە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لە کاتەکانی بەیانی زوودا بارانی مامناوەند دەبارێت پاشان دەگۆڕیت بۆ نمەبارانی پچڕپچڕ لە هەندێک ناوچە، بەڵام کاریگەری دابارین زیاتر دەبێت لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، هەندێک کات لەم ناوچانە باران بە شێوەی لێزمە باران و هەورە تریشقە دەبێت .

کەشناسیی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ پلەکانی گەرما 2 بۆ 4 نزم دەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر: 19  پلەی سیلیزی

سلێمانی: 16 پلەی سیلیزی

دهۆک: 20  پلەی سیلیزی

کەرکوک: 19 پلەی سیلیزی 

زاخۆ: 22 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 14 پلەی سیلیزی

سۆران: 15 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 5 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 21 پلەی سیلیزی