کارەبای سلێمانی: پڕۆژەی رووناکی چووە بواری جێبەجێکردنەوە
هەساو ئەمیر
٧ی ئازاری ٢٠٢٥
کارەبای سلێمانی رایگەیاند، پڕۆژەی رووناکی چووە بواری جێبەجێکردنەوە و شەوی رابردوو کارەبای 24 کاتژمێری بۆ نۆ هەزار هاوبەشی کارەبا دانرا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، شەوی رابردوو، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایتی گشتی کارەبا و ستافی پڕۆژەی رووناکی، یەکەم قۆناغی پڕۆژەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکەم قۆناغ لە هەردوو وێستەی ناوەندی شار و مەڵکەندی جێبەجێکرا و لەم قۆناغەدا نزیکەی نۆ هەزار هاوبەشی کارەبای ماڵان و بازرگانی سودمەند دەبن.
ئەوەشی خستووەتە روو، ئەو نۆ هەزار هاوبەشە لەسەر هەشت فیدەر کارەبای بەردەوامیان بۆ دابینکرا، کە دەکەونە گەڕەکەکانی سەرکارێز، توی مەلیک، سابونکەران، مەڵکەندی، ئیبراهیم پاشا، دارۆغا، حاجی حان، شەقامی ئۆرزدی، ئەسحابەسی و شەقامی کاوە.
کارەبای سلێمانی راشیگەیاندووە، پڕۆژەی رووناکی لە سليمانی بەردەوام دەبێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغەکانی دیکە لە سەرجەم گەڕەکەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.




