هەپەگە: توركیا لە سێ رۆژدا 828 هێرشی دژی گەریلا ئەنجامداوە
زاهیر
٦ی ئازاری ٢٠٢٥
هەپەگە رایگەیاند سەرەڕای ئاگربەست سوپای توركیا هێرشەكانی بۆسەر گەریلا رانەگرتووە و لە سێ رۆژدا زیاتر لە 800 هێرشی ئەنجامداوە.
هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە رایگەیاند لە دوای پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان و راگەیاندنی ئاگربەست لە لایەن پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە، هێرشەكانی توركیا بۆسەر گەریلا رانەگیراوە و لە رۆژانی نێوان چوار بۆ شەشی ئەم مانگەدا سوپای ئەو وڵاتە 828 جار هێرشی كردوەتەوە سەر گەریلا.
هەپەگە روونیكردوەتەوە كە لە ماوەی ئەو سێ رۆژەدا زۆرترین جار ناوچەكانی خواكوڕك و ئامێدی و زاپ و چیای مەتینا لە لایەن سوپای توركیاوە كراوەتە ئامانج و لە هێرشەكانیشدا فڕۆكەی جەنگی و درۆن و هێلیكۆپتەر و چەكی قورس بەكارهێنراوە.
پێشتریش هەپەگە رایگەیاندبوو لە دوای ئەوەی پەكەكە تەنها رۆژێك دوای پەیامەكەی ئۆجەلان ئاگربەستی راگەیاند: سوپای توركیا لە یەكی مانگ تا سێ مانگ زیاتر لە هەزار جار هێرشی دژی گەریلا ئەنجامداوە.