دەم پارتی: لەبەر پرۆسەی ئاشتی پێویستە توركیا ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوورەكانی رابگرێت
٦ی ئازاری ٢٠٢٥
هاوسەرۆكی دەم پارتی رایگەیاند، پێویستە توركیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی رابگرێت بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی خێراتر بێت.
تولای حاتمئوغڵاری، هاوسەرۆكی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان دەم پارتی رایگەیاند: پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان هۆكارێكە بۆ خێراكردنی پڕۆسەی چارەسەریی ئاشتییانەی پرسی كورد لە توركیا، بەڵام پێویستە بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆسەیەی هەنگای خێرا بنرێت.
هاوسەرۆكی دەم پارتی وتویەتی: دیموكراسی دەتوانێت رێگە بۆ سەركەوتنی پەیامەكەی ئۆجەلان و پڕۆسەی ئاشتیی بكاتەوە و بە پێچەوانەوەشەوە توندوتیژی و شەڕ هۆكارە بۆ شكستی پڕۆسەكە.
بە وتەی حاتمئوغڵاری ، پەیامەكەی ئۆجەلان دەنگدانەوەی زۆری هەبووە و پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە تەنها رۆژێك دوای پەیامەكە ئاگربەستی راگەیاندوە و ئەوەش بۆ ناوچەكە بە هەنگاوێكی گرنگ لە قەڵەم دەدرێت.
هاوسەرۆكی دەم پارتی جەختی لەوە كردوەتەوە كە پێویستە توركیا سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازیی و ئەمنییەكانی دەرەوەی سنورەكانی وڵاتەكەی رابگرێت بۆ ئەوەی پڕۆسەی چارەسەریی خێراتر بێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە تا ئێستاش هێرشی فڕۆكەكانی توركیا بەردەوامە و شەوی رابردوو بۆردومانی دەوروبەری گوندی گەڵاڵەی لە شارباژێر كرد.