وەهاب هەڵەبجەیی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵیادی راپەڕیندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەرکی سەرشانی هەموومانە میراتی راپەڕین، ئەو ئازادییەی ئێستامان موڵکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، بە هێز و بازووی ئەوان و پشتیوانیی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بەدیهاتووە".

دەقی پەیامەکە...

لە ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزنی کوردستاندا، بە دڵێکی پڕ شانازییەوە پیرۆزبایی لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەم.

راپەڕین بەرهەمی خوێن و ماندووبوونی نەوەکانی پێش ئێمە و دەنگدانەوەی ئیرادەی ئازادیخوازی گەلەکەمان بوو ئەو هەستانەوەیە، پەیامێکی روونی بە جیهان گەیاند کە سەرەڕای هەموو ستەمێک، گەلی کورد هەرگیز دەست لە ویستی ژیانێکی سەربەرزانە هەڵناگرێت، ئەمە لەوکاتەدا ڕاست بووە و لە ئێستاشدا ڕاستە.

ئەو ئازادییەی ئێستامان موڵکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، بە هێز و بازووی ئەوان و پشتیوانیی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بەدیهاتووە، ئەرکی سەرشانی هەموومانە میراتی ڕاپەڕین و دەستکەوتەکانی بپارێزین و لە ئاست کەم و کورتییەکانیش چاو نەپۆشین و ئەوەی دەکەوێتە سەر شانمان هەوڵی ڕاستکردنەوەی بدەین.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان و سەربەرزی و سەرفرازی بۆ کەسوکاریان.

وەهاب هەڵەبجەیی

ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان