قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، راپەڕین بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدان و یەکگرتوویی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان بوو. دەشڵێت، ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی راپەڕین دەکەینەوە کە هیوا و گەشبینی لەبارەی ئاشتی و دابینکردنی مافەکانی کورد لە تورکیا دروست بووە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، "بەوپەڕی رێز و شکۆوە یادی راپەڕینە مەزنەکەی گەلەمان دەکەینەوە. راپەڕین لەلایەکەوە دەرئەنجامی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی رۆڵەکانی گەلی کورد بوو، لەلایەکی ترەوە بەرهەمی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەو کاتەدا بوو".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دابینکردنی مافەکانی گەلی کوردستان و ئازادی و دادپەروەری لە ئامانجە سەرەکییەکانی راپەڕین بوون، راستە بەهۆی کەموکووڕی لە پرۆسەی حکومڕانی و هۆکاری دیکەوە هێشتا نەتوانراوە بەشێک لە ئامانجەکانی راپەڕین وەک خۆی بەدیبهێنرێن، بەڵام لەم قۆناغەدا بەئەرکی خۆمانی دەزانین".

دەشڵێت، "پێمان وایە بە راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا و بە بەهێزترکردنی دامەزراوەکانی حکومڕانی دەتوانین هەنگاوێک لە بەدیهێنانی یەکجاریی ئامانجەکانی راپەڕین نزیکتر ببینەوە".

قوباد تاڵەبانی روونیشیکردووەتەوە، "ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی راپەڕین دەکەینەوە کە هیوا و گەشبینییەک سەبارەت بە ئاشتی و دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد لە تورکیا دروست بووە، ئێمە هیوادارین ئەمجارەیان پرۆسەی ئاشتی سەربگرێت و گەلی کورد لە تورکیاش بە مافە بنەڕەتییەکانی خۆی شاد بێت".

لە کۆتاییدا وتووشییەتی، "لەم یادەدا سەری رێز دادەنوێنین لە ئاست شەهیدانی راپەڕین و هەموو شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی میللەتەکەمان".

ئەمڕۆ 5ی ئازار، 34 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر راپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستاندا کە دژ بە رژێمی بەعسی پێشوو ئەنجامیدا، کە لە ساڵی 1991 لە دەروازەی راپەڕینەوە دەستی پێ کرد و شارە و شار و گوند بە گوند درێژەی کێشا.