پەكەكە راگەیەنراوێكی سەبارەت بە جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوكردەوە
١ی ئازاری ٢٠٢٥
پەكەكە رایگەیاند، بەمەبەستی جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی ئۆجالان لەئەمڕۆوە ئاگربەست رادەگەیەنن و چالاكی چەكداری ئەنجام نادەن.
كۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان"پەكەكە" راگەیەنراوێكی سەبارەت بە بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە ئاگربەست رادەگەیەنن و چالاكی چەكداری ئەنجام نادەن، بەمەبەستی جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی ئۆجەلان بۆ ئاشتی و كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی، بانگەوازەكەش رێگەی هەموو هێزەكان بۆ ئازادی و دیموكراسی رۆشن دەكاتەوە و وەك مانیفێستی سەردەم وایە.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەو بانگەوازە پڕۆسەیەكی مێژوویی لە كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێكردووە. ئەوەش كاریگەرییەكی گەورەی دەبێت لەسەر پەرەپێدانی حوكمڕانی دیموكراسی و ژیانی ئازاد لە سەرانسەری جیهاندا، لەو روەشەوە پێویستە هەموو كەسێك بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت و جێبەجێی بكات.
جەختی لەوەشكردوەتەوە بانگەوازێكی لەو شێوەیە زۆر گرنگ بوو؛ ئێستاش جێبەجێكردنی سەركەوتووانەی ناوەڕۆكەكەی زۆر گرنگە، و بەپێی مەرجەكانی بانگەوازەكە مامەڵە دەكەن و جێبەجێیان دەكەن و دەچنە ناو پڕۆسەیەكی نوێی خەبات، جێبەجێكردنی پرسی وەك داماڵینی چەك تەنیا بە سەركردایەتی پراكتیكی ئۆجەلان دەبێت.
سەبارەت بە بەستنی كۆنگرەی حزبیش رایگەیاندووە، لەسەر داوای ئۆجەلان ئامادەن كۆنگرەی حزب ببەستن، بۆ ئەوەی كۆنگرەش سەركەوتوو بێت، پێویستە ڕێبەر ئۆجەلان بە شێوەیەكی شەخسی سەركردایەتی كۆنگرە بكات، هەروەها پێویستە مەرجەكان بۆ ئۆجەلان مسۆگەر بكرێن بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەكی فیزیكی ئازادانە بژی و كار بكات.