لە سنوری پشدەر 29 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا
محەمەد رزگار
٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستبەسەراگرتنی 29 کیلۆگرام حەبی هۆشبەر لە جۆری (کپتاگۆن) راگەیاند و دەشڵێت: دوو گەورە بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستیگرکراون
دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش هەرێم بەهەماهەنگی پاسەوانی سنوور و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین، توانیان لەسەر سنوری (پشدەر) دەستبەسەربڕی (29)کیلۆگرام حەبی هۆشبەر لەجۆری کپتاگۆن بگرن، لەم چالاکییەدا (دوو)گەورە بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران کە بەنیازبوون ماددەکە لەشارەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق ساغ بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، شەوی 27/2/2025 لەسەر سنوری پشدەر لەلایەن پاسەوانی سنور (29)کیلۆگرام حەبی هۆشبەر لەجۆری کپتاگۆن دەستیبەسەرداگیرا و دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەماوەی کەمتر لە 24 سەعاتدا لەسەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بەهەوڵی وورد و زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و ئاسایشی ڕاپەڕین، توانیان دوو گەورە بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن و ڕووبەڕوی یاسا بکرێنەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم راشیگەیاندووە، لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی (25) لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.