قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، حکومەت دەبێت پارێزراو بێت لە سیاسەت، وتیشی، یەکێتی نییەتی کشانەوەی لە حکومەت نییە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بەشداری لە سێیەم کۆڕبەندی هەولێر کرد و رایگەیاند، حکومەت دەبێت پارێزراو بێت لە سیاسەت نابێت حکومەت سیاسیانە بەکاربهێنرێت وەک چەکێک بۆ پاکتاوکردنی یەکتر.

باسی لەوەشکرد، " یەكێتی نیەتی كشانەوەی لە حكومەت نییە"، وتیشی، "نامەوێت ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت ئاشکرا بکەم، چونکە گفتوگۆکان زۆر ئەرێنین، یەکەمجارە هەردوولا بەوجۆرە رەفتار دەکەن و گفتوگۆکە تەنها لەنێوان ئەو دوو لایەنەدایە و باسی ناکەن".

لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستانیشەوە وتی، "ئێمە هەمیشە لە پەیوەندیداین لەگەڵ رۆژئاوا و بەهیواین هاوشێوەی کاک مەسعود و مام ئەو رۆڵە ببینن بۆ چەسپاندنی پێگەی کورد لە سوریا، هاوشێوەی عیراق".

وتیشی، "هەمیشە لەگەڵ هەڤاڵ مەزڵوم لە پەیوەندیداین کە بەرەو دیمەشق بڕۆن، بەڵام دەبێت شوێنی هەبێت لە دیمەشق و پارێزراو بێت، لەگەڵ تورکیاشدا بۆ ئەو بابەتە قسەدەکەین".

ئەوەشی خستە روو، پەراوێزخستنی کورد هەڵەیەکی گەورە دەبێت کە سوریای نوێ بیکات، بەبێ کورد سوریا نابێتە دەوڵەت و نابێتە دەوڵەتێکی هێمن، مەجالی ئەوەی نابێت سەرکەوێت.