لە زانکۆی سلێمانی یەکەمین دیداری زانستیی تایبەت بە ئاسایشی ئەلیكترۆنی بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانیش دەڵێت، "لەم سەردەمەدا هیچ وڵاتێک، هیچ حکومەتێک، هیچ کۆمپانیایەک، هیچ هاووڵاتییەک پارێزراونییە لە هێرشە جۆراوجۆرە ئەلیکترۆنییەکان"

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "ئاسایشی ئەلیکترۆنی بەشێکی گرنگە لە ئاسایشی نیشتمانی هەر وڵاتێک. لەم سەردەمەدا هیچ وڵاتێک، هیچ حکومەتێک، هیچ کۆمپانیایەک، هیچ هاووڵاتییەک پارێزراونییە لە هێرشە جۆراوجۆرە ئەلیکترۆنییەکان، ئەگەر بێتو پلان و ڕێوشوێنی پێشوەختە نەگیرابێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی".

دەشڵێت، "سوپاس بۆ زانکۆی سلێمانی و رێکخەرانی یەکەمین دیداری زانستی ئاسایشی ئەلیکترۆنی. ئەم جۆرە دیدار و توێژینەوانە بەرچاوڕوونترمان دەکات لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیمان. هەروەها هاندەرمانە بەرەو بونیادنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئەلیکترۆنی تا بتوانین لە سەردەمی دیجیتاڵدا هەم ئاسایشی خۆمان بپارێزین و هەم تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەستکرد بخەینە خزمەت گەشەپێدانی وڵاتەکەمانەوە".

ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی 2ـی 2025، یەکەمین دیداری زانستیی تایبەت بە ئاسایشی ئەلیكترۆنی لە زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.