سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، پێشبینی دەكات كۆتاییەكانی مانگی داهاتوو هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ئەمریكی رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ لێپرسراوانی توركیا لە هەولێر كۆدەبنەوە، بۆ تاوتوێكردنی پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.

وتیشی، دیالۆگ و دانوستانی زیاتر لەگەڵ حكومەتی عیراق دەكەن، بۆ دیاریكردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم كە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی تەرخان دەكرێت.

سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بەوەشكردووە، حكومەتی هەرێم هەموو ئامادەكارییەكانی تەواوكردووە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و پێشبینیش دەكات، كۆتاییەكانی مانگی داهاتوو هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە.