خانمی یەکەمی عیراق دوای نۆژەنکردنەوەی هۆڵی روناکی لە زانکۆی سلێمانی دەکاتەوە
١٦ی شوباتی ٢٠٢٥
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق ئەمڕۆ هۆڵی روناکی دوای نۆژەنکردنەوە لە کۆلێژی پەروەردە لە زانکۆی سلێمانی کردەوە، بەو پێیەی بەیەکێک لە کۆنترین هۆڵەکانی زانکۆی سلێمانی دادەنرێت و یادگاری زۆری بۆ نەوە یەک لە دوای یەکەکان هەڵگرتوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ستایشی رۆڵی پرۆفیسۆر د.کۆسار محەمەد عەلی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی کرد، وەک پێزانینێک بۆ هەوڵەکانی لە پای پاڵپشتیکردنی پەروەردە و دابینکردنی پێداویستی بۆ زانکۆی سلێمانی.
لە میانەی سەردانەکەدا، خانمی یەکەمی عیراق کورتەیەک لە دیارترین پڕۆژە زانستییەکانی خوێندکارانی کۆلێژی پەروەردەی بۆ خرایەڕوو و گوێی لە روونکردنەوەیەکی وردی خوێندکار و مامۆستایان گرت سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی خوێندن، جەختیکردەوە لە پاڵپشتیکردنی ئەو دەستپێشخەرییانە کە دەبنە مایەی پەرەپێدانی ئاستی ئەکادیمی و توێژینەوە لە زانکۆی سلێمانیدا.



