دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ زانکۆی جیهان بۆ "هاوکاریی گەشەپێدان، ئاڵوگۆڕی زانیاری، ئەنجامدانی توێژینەوە و ئاشناکردنی زیرەکی دەستکرد" ئیمزاکرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ پ. د. ئومێد رەفیق، سەرۆکی زانکۆی جیهان - سلێمانی واژۆ کرد.


لە یاداشتنامەکەدا هاتووە: "دامەزراندن و بەهێزکردنی هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و زانکۆی جیهان - سلێمانی لەبواری بەشداریکردن لە چالاکییەکان، هاوکاریی گەشەپێدان، ئاڵوگۆڕی زانیاری، ئەنجامدانی توێژینەوە و ئاشناکردنی زیرەکی دەستکرد دەبێت".

باڵیۆز د. محەمەد سابیر رایگەیاند: "ئەم لێکتێگەیشتنە ئەزموون و پڕکردنەوەی کەلێنەکان لەبوارە جیاوازەکاندا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پێویستییەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خوێندکاران دەبێت". 

هاوکات سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لای خۆیەوە جەختی کردەوە :"ئامانج لەم یاداشتە پەرەپێدانی هاوبەشی ستراتیجییە لەنێوان هەردوو لایەندا و ئاسانکاری کردنە بۆ ڕێکخستنی میکانیزمی هاوکاریی بەردەوام و درێژخایەن".

پ. د. ئومێد رەفیق باسی لەوەش کرد: "زانکۆی جیهان هەماهەنگ دەبێت لە پەرەپێدانی پرۆژە و چالاکییە هاوبەشەکان و کۆکردنەوەی سەرچاوەی پەیوەندیدار و دابینکردنی هێڵکارییەکی فراوانی بەرپرسیاریەتییەکان دەکات لەگەڵ دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی".

بڕیارە ئەم لێکتێگەشتنە لە داهاتووەیەکی نزیکدا دەست بەجێبەجێکردنی بکرێت و ناوەڕۆکەکەیبخرێتە خزمەت خوێندکارانی زانکۆی جیهان – سلیمانی.