بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ئەڵمانیا لەگەڵ جۆناسان پاوڵ، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا کۆبووەوە و دووپاتی لە گرنگی و پێویستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانە و ھاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق لەگەڵ بەریتانیا کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ لەسەر تەواوی پرس و روداوەکانی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە هەڵوەستەیکرد و بۆچوون و ستراتیژی نیشتمانیی یەکێتی لەبەرانبەر پێشهاتەکان خستەڕوو و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان لەپێناو فەراهەمکردنی ئاسایش و ئارامی دەربڕی.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دووپاتی لە گرنگی و پێویستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانە و ھاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق لەگەڵ بەریتانیا کردەوە، بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەردوولا و بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بکات.

پرسی رووبەڕووبوونەوی پاشماوەکانی تیرۆرستانی داعش و یەکخستنی هەوڵە سەربازییەکان تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو کە بیروبۆچوونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕ کرا و تەئکید لەبەردەوامی هەماهەنگییەکان و راوێژی بەردەوام کرایەوە بە ئاڕاستەی نەهێشتنەوەی هیچ دەرفەتێک بۆ جموجۆڵەکانی تیرۆرستان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکاندا.

لە بەرانبەردا راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا پابەندبوونی وڵاتەکەی بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیی هاریکارییەکان دەربڕییەوەو رایگەیاند بەریتانیا بە گرنگییەوە لە پێگەی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و لە هەماهەنگییەکانیشمان بەردەوام دەبین.