بافڵ تاڵەبانی: بەشداربوونی کورد لە بڕیار و بونیادنانەوەی سوریا زامنی سەقامگیری دەبێت
هەساو ئەمیر
١٤ی شوباتی ٢٠٢٥
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، بەشداربوونی کورد لە بڕیاردان و بونیادنانەوەی سوریا زامنی سەقامگیری دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا لەگەڵ تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە کاری هاوبەشی نێوان هەردوولا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە و لەپێناو کاراکردنی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سوریا و رۆژئاوای کوردستان بەوردی هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و بافڵ تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە سوریا دووپاتکردەوە.
راشیگەیاند، پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان بە تایبەت کورد و بەشداربوونیان لە بڕیار و بنیادنانەوەی سوریای نوێ زامنی سەقامگیری دەبێت، هەر هەوڵێکیش لە دەرەوەی ئەو ئامانجە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، بۆیە ئەرکی هەموولایەکە پشتگیری پاراستنی ناوچەکە و سەرخستنی هەوڵەکان بێت بۆ گەیشتن بە چارەسەری نیشتمانیی لەوبارەیەوە.


