ماوەی شەش رۆژە مانگرتنی مامۆستایان بەردەوامە و تەندروستیی بەشێکی مامۆستایان ناجێگیرە
هەساو ئەمیر
٢ی شوباتی ٢٠٢٥
ماوەی شەش رۆژە مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی بەردەوامن لە مانگرتن و بۆ داواکردنی مافەکانیان دەمیان بەرامبەر سەرجەم خواردنەکان داخستووە.
ئەو مامۆستایانە سەرەڕای ئەوەی دۆخی تەندروستییان تێکچووە و توانای قسەکردنیان نەماوە، بەڵام باس لەوەدەکەن، ئەوان سوورن لەسەر مانگرتن تاوەکو دەگەن بە ئامانجەکانیان.
ئەو مامۆستایانە بە گشتیی خێزاندارن و خاوەنی ماڵ و منداڵن باس لەوەدەکەن، لە ماڵ و منداڵیان دابڕاون و رۆژ بە رۆژ تەندروستییان بەرەو خراپتر دەڕوات و لاواز دەبن، بەڵام ئیرادەیان بەهێزە.
دەڵێن، پێویستە وەڵامێکی شایستەیان بدرێتەوە، تاوەکو ئێستا کە تەندروستیان بەرەو خراپبوون دەچێت، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.