پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، عەلی رەئوف نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە هەولێر دەستگیر کرا.

پەیامنێری كوردسات نیوز ئاماژەی بەوەش کرد، شەوی رابردوو عەلی رەئوف نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا دەڵێت، بەسە زوڵمکردن.

لە ڤیدیۆکەدا عەلی رەئوف باس لە دۆخی موچەخۆران و بێموچەیی دەکات و داواشی لە مامۆستایان کردووە، بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان ئەمڕۆ یەکشەممە، لە دهۆک و هەولێڕ ناڕەزایەتی دەرببڕن.

پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستە روو، لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیەوە هێزێكی ئەمنی درەنگانی شەوی رابردوو نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەستی دەستگیر كردووە. 

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتییەوە، ئەمە یەكەمجار نییە نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست دەستگیر دەكرێت، لە رابردووشدا چەند جارێکی دیکە دەستگیر کراوە.