ئەو پیاوەی لە پێنجوێن هاوسەرەكەی كوشت و هەڵات لە ئێران دەستگیركرا
١ی شوباتی ٢٠٢٥
دوای تێپەڕبوونی نزیكەی مانگێك بەسەر روداوەكەدا، ئەو پیاوەی كە سەرەتای ئەمساڵ لە پێنجوێن هاوسەرەكەی خۆی كوشت و دواتر تەرمەكەی شێواند، لە ئێران دەستگیر كرا.
هێمن ئیبراهیم، قائیمقامی قەزای پێنجوێن بە كوردسات نیوزی راگەیاند، دوای دۆزینەوەی تەرمی ئەو ژنە و ئاشكرابوونی روداوەكە، دەستبەجێ دادگای پێنجوێن پەڕاوی لێكۆڵینەی بۆ روداوەكە كردەوە و دەركەوت، بكوژی ئەو ژنە هاوسەرەكەیەتی و هەڵهاتووە بۆ ئێران، بۆ ئەو مەبەستەش، دادگای ناوبراو فەرمانی دەستگیركردنی بۆ هاوسەری ئەو ژنە دەركرد و لایەنی پەیوەندیداری ئێرانی لەو فەرمانە ئاگاداركردووە، سەرەنجام ئەو تۆمەتبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیركراوە و لەئێستادا لە زیندانە.
رۆژی 15ـی مانگی رابردوو، لە سنووری پێنجوێن تەرمی ژنێك بە شێوێندراوی دۆزرایەوە و لە میانی لێكۆڵینەوەی لایەنە پەیوەیدارەكانیش لە روداوەكە دەركەوت، ئەو ژنە لەلایەن هاوسەرەكەیەوە كوژراوە، كە هەردووكیان خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانن و لە پێنجوێن ژیاون.