یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، ساڕێژبوونی برینی كارەساتی یەكی شوبات هەر یەكێتی و پێكەوەیی و خۆپاراستنە لە پیلانی دوژمنان.

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا بۆ یادی شەهیدانی یەكی شوبات ئاماژەی بەوە كردووە، كردەوەی تیرۆرستی دوژمنانی گەلی كورد لە دوو بارەگای مەڵبەند و لق، دەرخەر و دووپاتكردنەوەی ئەو راستییە تاڵەبوو كە نەیارانی ئەم میللەتە لە تیرۆرستان و دوژمنان هیچ جیاوازییەك لە نێوان رەنگ و ئاماژەكان ناكەن و هەموو كورد لای ئەوان یەكە و مایەی یەك ئامانجی پەلاماردان و كوشتنن.

راشیگەیاندووە، بێگومان ساڕێژبوونی كۆی زامەكانیش هەر یەكێتی و پێكەوەیی و خۆپاراستنە لە پیلانی دوژمنان و نەیارانی ئەزموونی هەرێمی كوردستان و پتەوكردنی پایەكانی حوكمڕانییە لەرێی راستكردنەوەی رێڕەوەكەی و مشتوماڵكردنی ئەدا و كاراكردنێتی لە خزمەتی ژیان و گوزەرانی خەڵك، بێ جیاوازی بە هەموو رەنگەكانەوە.