بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و باس لەوەدەکەن، چەند داواکارییەکیان هەیە و تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ ناکرێت ناچنەوە سەر کارەکانیان.

بڕیارە مامۆستایان و فەرمانبەران بە رێپێوان دەچنە بەردەم بارەگای یو ئێن لە سلێمانی.

ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە باس لەوەدەکەن، ئەمڕۆ خێمە هەڵدەدەن و بڕیاریان داوە مان لە خواردن بگرن تاوەکو وەڵامیان دەدرێتەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت.

داواکاریی سەرەکی مامۆستایان و موچەخۆران ئەوەیە کە موچەکانیان بەبانکیی بکرێت و لەکاتی خۆیدا وەریبگرن.

لە خۆپیشاندانەکەدا بەشێکی کاسبکارانیش بەشدارن و باس لەوەدەکەن، ئەگەر ئەوان موچە وەرنەگرن کاریگەریی دەکاتە سەر ئیشوکاری ئەوانیش.

پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، لە خۆپیشاندانەکەدا بەشێکی مامۆستایانی پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیانیش بەشدارن.

ئەوەشی خستەروو، نزیکەی 100 مامۆستا لەناو ئەو خێمانەدا دەمێننەوە کە بڕیاریانداوە هەڵی بدەن و مان لە خواردن دەگرن.